کەجەکە:هەتا بە فەرمی داوای لێبوردن نەکرێت، دۆسیەکەی پالمە داناخرێت!

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بارەی لێپرسینەوە لە دۆسیەی ئۆلوف پالمە کە دوای ٣٤ ساڵ لە کوشتنی داخرا، رایگەیاند، هەتا داوای لێبوردن لە گەلی کورد و پەکەکە نەکرێت ئەو دۆسیەیە داناخرێت و جەختیشی کردەوە، دەبێت بە فەرمی داوای لێبوردن بکرێت.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە لە بارەی داخستنی دۆسیەی لێپرسینەوە و بەدواداچوون بو کوشتنی ئۆلوف پالمە سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید، ناڕەزایەتی دەربری و لەم بارەیەوە راگەێندراوێکی بڵاو کردەوە.

پالمەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتی سوید ساڵی ١٩٨٦ لە رووداوێکی گوماناویدا کوژرابوو، ئەم تاوانەش خرابووە ئەستووی پەکەکە و گەلی کورد.

کەجەکە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە داخستنی دۆسیەکە شکانی شکۆی گەلی سویدە و بۆ گەلی کوردیش بە واتای نایەکسانی و بێڕێزیپێکردن دێت.

کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی سوید دەبێت درک بەوە بکات کە کاتێک کوشتنی پالمەیان خستە ئەستوی پەکەکە کارێکی خراپی کرد و زیانێکی گەورەی لەم گەلە (گەلی کورد) داوە. دەبێت سوید بە فەرمی داوای لێبوردن بکات.

'زیانێکی گەورەی لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دا'

لە راگەیێندراوی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکەدا هاتووە:

"ئەوە بڵاو کرایەوە کە دۆسیەی کوشتنی ئۆلوف پالمە سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید داخراوە. بەمەش رووداوەکە بە شێوەیەک کە بکوژەکانی نادیارن، چووە ناو لاپەڕەکانی مێژووە. ئەمە وەکو بەڵگەیەکی شەرمە. نەدۆزینەوەی بکەر و بکوژانی ئەو تاوانە بە تایبەت بۆ گەلی سوید وەکو شکاندنی شکۆ و تراڤماتیک یاد دەکرێتەوە. رێگری لە هەوڵی دۆزینەوەی بکەرانی ئەم تاوانە کرا و لە کۆتایشدا دۆسیەکە داخرا.

دوای ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی ئۆلۆف پالمە، پەکەکە تاوانبارکرا و خرایە ژێر چاودێریەوە. لە سەرتاسەری جیهان لە دژی پەکەکە کەمپین راگەیێندرا. بەم رووداوە هەوڵیاندا پەکەکە وەها پیشان بدەن کە گوایا رێکخراوێکی تیرۆرستیە و کەسایەتیە دیمۆکراتیخوازەکان دەکاتە ئامانج. ئەو کەمپینانە تا ئاستێک گەیشتن بە ئەنجام. بەم شێوەیە نەک تەنها پەکەکە، بەڵکو هەموو کوردیان تۆمەتبار کرد و زیانێکی گەورەیان لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دا.

پەکەکە بۆچی کرایە ئامانج؟

ئۆلۆف پالمە سیاسەتمەدارێک بوو کە بە هەڵوێستە دیمۆکراتیخواز و مرۆڤ دۆستانەکانی دەناسرایەوە. سیاسەتمەدارێک بوو کە لە لایەن گلادیۆی ناتۆوە وەکو مەترسیەک دەبینرا. لەو سەردەمەدا سیاسەتەکانی پالمە، لە لایەن ناتۆوە وەکو مەترسی بۆ سەر تێکۆشانی گلادیۆی ناتۆ کە ئامانج دژبەریکردنی سیاسیالیزمی رەئال بوو، تەماشا دەکرا. بۆ ئەوەی پەکەکە لە تورکیا دەست بە تێکۆشانێکی نەتەوەیی رزگاری نەکات، چونکە تورکیا پەرژینێکی پتەوی ناتۆیە لە دژی سۆڤیەت، رووداوی کوشتنی پالمەیان خستە ئەستوی پەکەکە. بۆ ئەوەی تورکیا نەکەوێتە حاڵەتێکی تەنگانەوە، هەوڵی دژایەتیکردنی پەکەکەیاندا. بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە گەشەکردن و شەرعیەتی تێکۆشانی پەکەکە، ویستیان ئەم تاوانە بخەنە ئەستووی ئەو. گلادیۆی ناتۆ بەم تاوانە ویستی چەند ئامانجێک بپێکێت.

گلادیۆی ناتۆ ئەم تاوانەی ئەنجامدا

گلادیۆی ناتۆ لەو سەردەمەدا لە ناوی دەزگا هەواڵگریەکانی هەموو وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، بەهێز بوو. پلانی کوشتنی پالمەش لە لایەن یەکینەکانی گلادیۆی ناو دەزگای هەواڵگری سویدەوە ئامادە کرا. ئەگەر چی چەندین جاریش باس لەم ئیدیعایەش کراوە، بەڵام هیچ کات بە جدی کاریان لەسەر نەکردووە. هەموو جارێک کە باسی لێوە کراوە، گوایا لێکۆلینەوەی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام ئامانج لێ لەبیربردنەوەی بابەتەکە بووە. لە کۆتایشدا دۆسیەکە داخرا.

داخستنی دۆسیەکە بە واتای شکاندنی شکۆی گەلی سویدە

داخستنی ئەم دۆسیەیە بە تایبەت بۆ گەلی سوید و بۆ دیمۆکراسی و کەسایەتیە سۆسیالیستەکانی، بە واتای شکاندنی شکۆیان دیت. ئاشکرانەکردنی تاوانی کوشتنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید کە کەسایەتیەکی خۆشەویست بوو، هەڵوێستێکی بێڕێزیە لە بەرامبەر ئیرادەی گەل. دەبێت گەلی سوید و گەلانی دیموکراتیخواز ئەم بارودۆخە قبوڵ نەکەن و بۆ ئاشکراکردنی ئەم تاوانە، دەبێت دەستوەردانی پێویست ئەنجام بدرێت. نەدۆزینەوەی بکوژانی ئەو تاوانە لە بەرامبەر سیاسەتمەداران، نایەکسانیە و بەو واتایە دێت کە خاوەنداریان لێنەکراوە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە بە تایبەت گەلی سوید و هێزە دیمۆکراتخوازەکانی ئەوروپا بە گشتی، ئەم بارودۆخە قبول ناکەن و بەدواداچوونی جدی بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەن.

لە بەرامبەر گەلی کوردیش نایەکسانی و بێڕێزیەکی گەورەیە

داخستنی ئەو دۆسیەیە، لە بەرامبەر گەلی کوردیش بە واتای نایەکسانی و بێحورمەتی دێت. بە هۆی ئەو تاوانە، گەلی کورد چەندین ساڵ لە ژێر ئەو تۆمەتە مایەوە. کاتێک باسی ئەو تاوانە دەکرا، گەلی کوردیان دەهاتەوە یاد. لە رووی مەعنەوەیەوە گەلەکەمان زیانێکی زۆری بەرکەوت و هاوکات بزوتنەوەی ئازادیش زیانێکی گەورەی بەرکەوت. دوای کوشتن پالمە، پەکەکەیان خستە لیستی تیرۆرەوە. بوو بە کارێکی ئاسایی کە پەکەکە وەکو 'رێکخستنێکی تیرۆریست' رابگەیێنن. لەم رووەوە  بەرپرسیاریەکی گەورە لە ئەستوی دەوڵەتی سوید دایە کە ئەم تاوانەی خستە ئەستوی پەکەکە.

هەتا داوای لێبوردن لە پەکەکە نەکرێت، ئەم دۆسیەیە داناخرێت

بۆیە هەتا داوای لێبوردن لە گەلی کورد و پەکەکە نەکرێت، نابێت ئەم دۆسەیەیە دابخرێت! دەبێت ئەوە ببینرێت کە گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادی چی زیانێکیان بەرکەوتووە. دەبێت داوای لێبوردن لە گەلی کورد و پەکەکە بکرێت.

هیچ تاوانێک لەوە گەورەتر نیە کە زیان لە تێکۆشانی ئازادی گەلێک بدرێت و وەکو بکوژ پیشان بدرێت. لێبوردنێکیش ناتوانێک قەرەبووی زیانەکانی گەلی کورد بکاتەوە . بەڵام دەبێت گەلی کورد لەو تۆمەتە رزگار بکرێت و ئاشکرا ببێت کە ئەم گەلە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە. ئەمە مەرجی مرۆڤبوون و دیمۆکراسیبوونە. تاوانبارکردن و تۆمەت خستنە پاڵ گەلێک، کە رووبەرووی قڕکردن بووەتەوە و بزوتەوەی تێکۆشانی ئازادیەکەی، بە ئەندازەی تاوانی ئەنجامدانی قڕکردن قوڕس و گەورەیە. دەبێت دەوڵەتی سوید بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردن لە پەکەکە بکات و ئەوە ببینێت کە کاتێک تاوانی ئەو کوشتنەیان خستە ئەستوی پەکەکە، خراپەیەکی چەند گەورەیان کردووە. بە تایبەتیش دەبێت ئەوە ببینرێت کە کوشتنی سیاسەتمەدارێک کە دۆستی کورد بوو، چی بارودۆخێکی سەختە، دەبێت داوای لێبوردن بکەن.

بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکە، تێدەکۆشین

ئێمە جارێکی دیکە کوشتنی ئولوف پالمە ئیدانە دەکەین و بەڵێن دەدەین کە بە ئاشکراکردنی ئەو تاوانە، وڵامی ئەو کوشتنە دەدەینەوە. گەلی کورد واز لە دۆسیەی ئەو تاوانە ناهێنێت و بۆ ئەوەی ئاشکرا ببێت تێدەکۆشێت. ئاشکراش دەبێت کە کوشتن و تاوانەکانی گلادیۆ بۆچی و چۆن کراون. هەوڵ و تێکۆشانێکی بەم شێوەیە، بەشێکن لە تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراسی مرۆڤایەتی. هەتا ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێت و بکەران ئەو تاوانە لە ناو ویژدانی گەلاندا دادگایی نەکرێن، ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیکی مرۆڤایەتی، نابێت بە هەمیشەیی.

ئێمە بانگەوازیەک ئاڕاستەی گەلی سوید، گەلی کورد و کەسانی دیمۆکراتخواز دەکەین کە بە تێکۆشانیان بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا بکەن، ئێمە ئولوف پالمەی دیمۆکراتخواز و مرۆڤ دۆست، بەبیر دێنینەوە."

ز.ش